یۆنامی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق دەکات هاوکاری ئێزدییەکان بکەن

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێویستە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق هاوکاری ئیزدییەکان بکەن و کارئاسانییان بۆ بکەن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ناوچەکەیان.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی یۆنامی لە عێراق، دوای تێپەڕینی شەش ساڵ لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، سەرمایەگوزاری لەبواری خزمەتگوزارییەکان، زۆر گرنگە بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئێزیدییەکان.

هەروەها دەڵێت، دوای شەش ساڵ لەو کۆمەڵکوژیەی بەسەریاندا هاتووە، هێشتا ٢٠٠ هەزار ئاوارەی ئێزدی ئاوارەن و بەشێکیان لە کامپەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا دەژین کە تەنها چەند کاتژمێرێک لە شنگالەوە دوورە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشەوە ڕێژەیەکی زیاتریان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بەجۆرێک لە ٨ی حوزەیران “مانگی شەش”ی ئەمساڵەوە تا ١٠ی ئەم مانگە، هەشت هەزار و ٥٨١ کەس لە هەزار و ٦٥٧ خێزان گەڕاونەتەوە شەنگال، ئەوەش بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو زۆر زیادیکردووە، ئەم سەرژمێریەش ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق پشتڕاستی کردووەتەوە.

ژنێکی ئێزدیی لە کاتی گەڕانەوەیاندا
ژنێکی ئێزدیی لە کاتی گەڕانەوەیاندا

یۆنامی ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری سەرەکی گەڕانەوەی ئێزیدییەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی ناوچەکانیانە، هەروەها پاککردنەوەی ناوچەکانیان لە مین و پاشماوەی تەقەمەنیەکان، لەگەڵ بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری، جگە لەوەی پاڵنەری سەرەکیشیان مەترسی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنایە لە کامپەکانیان.

دەشڵێت، پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان هانی ئاوارەکان بدەن بگەڕینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بەپێویستی دەزانێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق پارێزگاری لە ئاوارەکان بکەن، ئاسانکارییان بۆ بکەن بۆ بونیادنانەوەی نیشتیمانەکەیان بەتایبەت کە ئێستا پێویستی زۆریان بە پاڵپشتی بونیادنانەوەی خوێندنگا و نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی و پەناگە و تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، باشووری شەنگال بەدەست کێشەی زۆرەوە گرفتارە، ئێستا لە ترسی هێرشەکان و نائارامی، کەمتر ئاوەدان دەکرێتەوە و بەشێوەی لەسەرخۆ دەبوژێتەوە، داواش دەکات، نوسینگەی حکومەتی عێراق بە فەرمی بکرێتەوە لە شەنگال و نۆژەن بکرێتەوە.

 

Comments are closed.